
وردەکاری و نهێنی سوڵحەکەی “کوێخا دێرین عوزێری و بافڵ تاڵەبانی”
هەفتەی ڕابردوو بە ئامادەبوونی 42 کەسایەتی کۆمەڵایەتی و بازرگان و سیاسی، بە سوڵحی عەشایەریی كێشه‌كه‌ی نێوان کوێخا دێرین عوزێریی و بنەماڵەی حاجی کامیلى شانەگەر چارەسەر کرا، بەڵام پێش سوڵحه‌كه، هەردوو باڵی یەکێتی (کوڕانی تاڵەبانی و کوڕانی کۆسرەت ڕەسوڵ) بە نهێنی ناكۆكییه‌كانی نێوانیان چارەسەر كرد و دواتر بڕیار لە سوڵحەكه‌ی عوزێرییه‌كان و شانه‌گه‌ر درا.
به‌پێی زانیارییه‌كانى (میدیا21)، مانگ و نیوێک له‌مه‌وبه‌ر بافڵ تاڵەبانی لە ماڵی خۆیان پیشوازی لە شاڵاو کۆسرەت کردووه، کە دوای گرژیەکانیان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی كوێخا دێرین یەکەمین جار بوو دوو بە دوو یەکتر ببینن و لەو دانیشتنەدا ڕێکەوتنێك کراوه بەمشێوه‌یه:
یەکەم/ دەستهەڵگرتنی تەواوەتی ماڵی کۆسرەت ڕه‌سوڵ لە هێزە تایبەتەکانیان ( لیواى 3و7ی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ یەکەی مەشقی نەریمان دۆشكه)، نازانرێت شاڵاو ئه‌م خاڵه جێبه‌جێ ده‌كات یان نا.
دووه‌م/ پێدانی پۆستێكى باڵای لە كابینه‌ی نوێی حکومەتی هه‌رێم به یەکێك لە کوڕانی کۆسرەت ڕسوڵ، له‌كاتێكدا پێشتر داوای دوو پۆستیان كردبوو.
لە بەرامبەردا، بافڵ تاڵەبانی لێخۆشبوونی تەواوەتی بۆ کوێخا دێرین دەردەکات و سکاڵای دەزگای ئاسایشی سلێمانی دەسڕێتەوە، له‌گه‌ڵ پێدانى ئەو پۆستانەی دەکەونە سنوری هەولێر ـ حیزبی و حکومی ـ بە کەسە نزیکەکانی شاڵاو کۆسرەت ڕه‌سوڵ.
هه‌ر به‌پێی به‌دوداچوونه‌كانى (M21)، دوای ئه‌و دانیشتنه، لە شاری لەندەن لەسەر بەڵێنی شاڵاو کۆسرەت کە بە تەلەفۆن دابووی بە کوێخا دێرین، دیدارێكی نیو كاتژمێری بۆ ڕێكده‌خرێت و بافڵ تاڵەبانی ده‌بینێت و پێیده‌ڵێت:”بە دڵنیایی نابرێیتە گرتوخانەی ئاسایش و کانی گۆمە، سوڵحی خۆت بکە و وەرەوە بۆ سلێمانی”.
ئه‌گه‌رچی میدیا21 زانیویه‌تی كوێخا ده‌بێت سه‌ردانێكی ئاسایش بكات و ئیفاده‌یه‌كی لێوه‌رگرن
دوای ئه‌و دیدار و رێكه‌وتنه، به نێوانگیریی (بازرگان وەستا عومەری مەڵکەندی و شێخ دلێر شێخ موستەفا و شاڵاو کۆسرەت ڕه‌سوڵ) سوڵح و پێکهاتن کرا لەگەڵ بنەماڵەی خاوەن سكاڵا( محه‌مه‌د شێخ کامیل شانەگەر)، هەرچەندە سەرەتا بەرامبەر بریندارکردنی براکەیدا سه‌رمایه‌دا محه‌مه‌د شێخ کامیل داوای دوو ملیۆن دۆلاری دەکرد ( یەک ملیۆنی گوایە پێشتر بە كاش داویانه بە کوێخا دێرین).
لەسەر داوای شێخ دلێر و شاڵاو کۆسرەت، واز له داواكردنی دوو ملیۆن دۆلاره‌كه ده‌هێنن له به‌رامبه‌ر گره‌نتی و سەلامەتی گیانی بازرگانەکە و پاراستنی پرۆژه بازرگانیه‌كه‌یان (ئێمپڕیاڵ ڤیلەیج ده‌كه‌وێته تەنیشت ماڵی کوێخا دێرین له شاری سلێمانی).
(M21) زانیویه‌تی، دوای سوڵحه‌كه، بنەماڵەی شانەگەر چوونە ئاسایش و پۆلیس و سکاڵاکانیان دژی كوێخا دێرین كێشاوه‌ته‌وه و لێیخۆشبوون و كۆتاییهان به‌و كێشه دوو ساڵیه هێنا كه هێزی كۆماندۆی بۆ جوڵێنرابوو.
له‌م به‌دواداچوونه‌دا (میدیا21) بۆیده‌ركه‌وت، کوێخا هیچ قەرەبوویەک ناکرێتەوە و ماڵ و ده‌یان ئۆتۆمبێل و موڵکەکانی بۆ ناگێڕدرێتەوە، هه‌روه‌ها قەرەبووی ڕووخاندنی قەڵاکەشی ناکرێتەوە و فەوجە سه‌ربازیه‌كه‌شی پێ نادرێتەوە.
بڕیاریشە لە ڕۆژانی داهاتوودا کوێخا دێرین لە بەریتانیاوە بگەڕێتەوە سلێمانى.