
🔻گۆڕانی گردەکە ، بەبەشداری بەشێک لەمەکتەبی سیاسی “ڕەووتی هەڵوێست” کۆنفراس دەبەستێت
🔻چیا نەوشیروان بە دروست کردنی 12 بەڵگەنامەی ساختە حاکم عومەر و حاکم هەیمان دەخەڵەتێنێت
🔻 Media21 چل و دوو بەڵگەنامە لەسەر کێشە نێوخۆییەکانی هەردوو باڵەکەی گۆڕان بڵاودەکاتەوە
#تحقیقی_ڕۆژنامەوانی #مەلەف
بۆ دەرهێنانی ڕوخسەتی بەستنی کۆنفراسی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان لە دەستی ( دانا ئەحمەد مەجید) مخەوەلی تایبەتی کوڕی نەوشیروان موستەفا سکاڵایەکی یاسایی لە 28ی مانگی ڕابردوو لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق/کاروباری ئەحزاب ، تۆمار کرد و تەنها یەک هەفتە دوای تۆماری سکاڵاکە توانی مۆڵەتی بەستنی کۆنفراس لەدەست باڵی کوردساتی گۆڕان دەربهێنێت .
یاسین حەمەعەلی ، ئەندامی ژوری هەڵبژاردنی باڵی گردی زەرگەتە بۆ سەندنەوەی متمانە پشتی بەستووە ( ناوی ئەندامانی پێشووی پێشکەشکراوی ساڵی 2017 بۆ تازەکرەنەوەی مۆڵەتی گۆڕانی ئەوکات نێردراوەتە کۆمسیۆن ) ئەوکاتەی بزوتنەوەکە خاوەنی 24 کورسی پەرلەمانی بوو ، مخەوەلەکە ناوی 1200 کەسی وەکو پشتگیری کاری باڵی گردەکە بەناوو واژوو پێشکەش بە کۆمسیۆن کردوە و گوتویەتی ئەم ناوانە ئامادەن لە کۆنفراسی باڵی ئێمە بەشداربن ( ئەو ناوانە بریتین لەو 2116 کەسەی کە وەکو دامەزرێنەرانی پشتیوانی بزووتنەوەکە ناویان لە کۆمسیۆن پێشکەش کراوە )
بەڵام ، دواجار بەپێی بەدواداچونە وردەکاری Media21 دەرکەوت ئەو ناوانە هەمان ئەو ناوانەن کە لەساڵ. 2017 لەلایەن گۆڕان ناویان نيردراوە بۆ تازەکرەنەوەی مۆڵەت ، ئەو کات سەرجەمیان گۆڕان بوون ، بەڵام ئێستا لەو 1200 کەسە تەنها ٤٥٥ کەسیان ئینتیمایان بە بزوتنەوەکە/باڵی گردەکە ماوە و ئەوانی تر تەنانەت گردەکە و بزوتنەوەکەیان بە تەواوی بەجێهێشتوە .
لە بەڵگەنامە پەیوەستەکانی میدیا21دا هاتووە تەنانەت بەشێک لەو ناوانەی دراون بەکۆمسیۆن ئێستا بەرپرسیارێتیان لە نێو یەکێتی نیشتیمانی دا هەیە ( گەڕاوەکان بۆ ماڵە گەورەکە ) وە تیایاندایە ئێستا ( پەرلەمانتاری نەوەی نوێیە و دوو کاندیدی بەرەی گەلیشی تیدایە ) و بەشێکیان ئێستا لە فەوجی ٣٢ی لیوای دووی پارتی دیموکراتی کوردستانن .
بەشی بەدواداچونی میدیا21 لەو ناوانەی باڵی گردەکە تەنانەت 21 کەسیان چەند ساڵێکە مردوون و لەژیان دا نەماون ، وەکو (عقید نەریمانی هاتووچۆ ، مستەفا سلیمی قائم قامی قەڵادزە ، سدیق عەلی کۆچکردوو ، بەفراو ، لوقمان ، ڕێبەند ، کەمال ، شوان ، فاتمە ، نجات ) تەنانەت ئەمانە شەهادە وەفاتیشیان بۆ کراوە .
جگە لەوەی بەشێکی تر لەو ناوانەی پێشکەش کراون ئێستا دژبەری سیاسیەتی باڵی گردەکەن و لە فیسبوکی خۆشیان بڵاوکراوەی دژایەتیان بڵاوکردەوە لە نمونەی ( کەریم عەلی ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) ، وە تەنانەت هەشت ناو لەوانەی لەلیستەکەی گردەکەدا هەبوون ئێستا کارمەندن لە ئۆفیسی باڵی کوردسات ، وە جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی .
ئەوەی جێگای سەرنجە لەنێو لیستی پێشکەش کراودا دوو لە دامەزرێنەران و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی “ڕەوتی هەڵوێست ” دەبیندرێن ( غالب موحەمەد ، شاڵاو محمود ) کە ئەمانە وەکو پشتگیری کار واژویان کردوە بەشدار دەبن لە کۆنفراسە چاوەڕوان کراوەکە .
لە گێمی یەکەمی یاریەکەدا باڵی گردەکە سەرکەوتوو بون ، بەڵام پارێزەر و نوێنەری باڵی کوردسات دەستیان گرتوە بەسەر تایمی دووەمی یاریەکەدا و سکاڵایەکی دژیان بە واژووی 358 کەس لەو ناوە پێشکەش کراوانە نوسیوە کە بەڵێنامەیان بە واژوو پەنجە مۆری خۆیان پڕ کردوەتەوە وەکو ( تەبەڕا بوون لە باڵی گردەکە ) «بەڵگەنامەکان لە خوارەوە دانراون»، ئەگەری هەیە بەم هۆکار باڵەکەی دانای ئەحمەد مەجید جارێکی تر سوکانەکە لە چیا نەوشیروان وەربگرێتەوە و پێش وادەی کۆتایی کە ١١ی ئازارە هەموو سەلاحیات و میراتی پیاوە پیرەکە بخاتەوە بندەستی خۆی .
بۆ گەیاندنی قەبارەی ساختەکاریەکە هەفتەی ڕابردوو دانا ئەحمەد مەجید خۆی گەیاندە بەغداد و چەند لێپرسراوێکی باڵای عێراقی بینی کە لەنێویاندا نوری مالکی هەبوو ، ئەو سەرکردەیەی قسەی کۆتایی و یەکلایی کەرەوەی هەیە لە کاروبارە ئیداریەکان دا .
لە ماوەی چوار ڕۆژدا ئەم پرسە یەکلایی دەبێتەوە ، یان کوردسات یان گردی زەرگەیە بە فەرمی دەبنە میراتگری بزوتنەوە هەلا هەلا بوەکە ،
بەڵام هێشتاش دەرگای سێیەم دانەخراوە کە سەید عومەر لەدەروازەکەی دا وەستاوە چونکە بەپێی یاساکەی کۆمسیۆن ئەگەر ئەم دوو باڵە تا ١١ی ئازار نەگەنە ڕێکەوتن دواجار میراتیەکە دەگەڕێتەوە ماڵە کۆنەکە ( عومەری سەید عەلی ).
ـــــ
تێبینی ؛
یەکەم ؛ لە بەڵگەنامەی یەکەمدا مخەوەلی باڵی گردەکە گوتویەتی “ئەو 1200 ناوەی پێشکەشم کردوە ڕۆژی ١٥ی ١ لە گردی زەرگەتە کۆبونەتەوە و ئامادەبوون !
دووەم : ئەو ناوە سورانەی نێو لیستەکان ئەوانەن کە تەبەڕابونیان لە باڵی گردەکە کردوە بە پەنجە مۆرەوە .