
نهێنی یاخیبوونی شاسوار عه‌بدولواحید له یه‌كێتى چییه؟
(میدیا21) مەلەفی شەراکەتی شاسوار عه‌بدولواحید و باڵێکی یەکێتی ،بەبەڵگەوە بڵاودەکاتەوە
بەپێی بەدواداچوون و به‌ڵگه‌كانی (Media21)، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لە شاری سلێمانی دەستەیەک لەنێو فەرمانگەكانى تاپۆ و وەبەرهێنان و شارەوانی، سەرجەم موڵک و ماڵ و مومتەلەکاتە بازرگانی و گەشتوگوزاریی و تایبەتەکانیان لەسەر شاسوار عه‌بدولواحید تاپۆ کردووه، بەمجۆرەش ئه‌م سه‌رمایه‌داره سیاسیه لە سەرجەم زه‌ڕیبه و لێپرسینەوەکان و لێپێچینەوە داراییەکان قوتاری بووە.
هەرچەندە گروپی کۆمپانیاکانی نالیا کە خاوەندارییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە بەرامبەر وەرگرتنی (40,000,000$ ـ چل ملیۆن دۆلار) دوو موڵکی کردووەتە مواهەنە (لەبری دانان له حاڵه‌تی نەدانەوەی قەرزه بانکییەکە). به‌ڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی (میدیا21)، گروپی كۆمپانیاكانى نالیا نەیتوانیووە لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا بڕی 40 ملیۆن دۆلارەکە بدەنەوە، بەو هۆیەوە بڕی پارەکە هەم سودی بانکی زیادەی چووەتە سەر و هەم بڕی پێ بژاردنەکەشی بۆ زیاد بووە،
به‌جۆرێك
ئێستا قەرزەکە بە سودەکەیەوە گەیشتوەتە 750,000,000 حەفتا و پێنج ملیۆن دۆلار واته (حەوت هەزار و پێنج سەد دەفتەر دۆلار).
حکومەت (وه‌زاره‌ته‌كانى شارەوانی و دارایی)، هەرکات ویستویانە قەرزەکە وەربگرنەوە تووشی ئەم گرفتەبوون، چونكه قەرزدار شاسوار عه‌بدولواحید موڵکەکانی فرۆشتوەتەوە و پرسی ڕەهنەکەشی مامەڵە کراوە (ئەمە تائێستا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانیش جێگای سەرسوڕمانە).
یان بۆ نمونه كۆمپانیای نالیا به‌شێك له باڵه‌خانه و شوقه‌كانی گوندی ئه‌ڵمانی له ڕه‌هنی قه‌رزی حكومه‌تدا داناوه، ئه‌و شوقانه كه دواتر فرۆشراون و ئیستا موڵكی هاوڵاتیانه، بۆیه حكومه‌ت ناتوانێ ده‌ریانبكات و ده‌ست به‌سه‌ر شوقه‌كاندا بگرێت.
بەڕێوەبەرایەتی بانکە بازرگانییەکان، لە ماوەی چوار ساڵدا هەشت جار بە نوسراوەکانی (11580 و 10241) لە 2022 و 2023 و 2024 دا ویستویەتی لەبری وەرگرتنەوەی قەرزەکەی موڵکە موراهەنەکان بفرۆشێت، کە پێکهاتوون لە پڕۆژەکانی (چاڤی لاند و چاڤی گەشتیاریی) بەڵام شارەوانی سلێمانی “ناڕازی بووە” بەو پێیەی وتویەتی پڕۆژەکان و ڕووبەرەکانیان سەوزایی و گەشتیارین و بۆ فرۆشتن نابن و پڕۆژەی چاڤی گەشتیاریش خاوەنەکەی بە ڕەهنەکەوە فرۆشتویەتی بە( ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان).
یەک لەو گرفتانەی تری شاسوار عه‌بدولواحید، کە دەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەستووە لە لێسەندنەوەی قەرزەکانی، ئەوەیە کە موڵکی موڕاهەنەکراو (موڵکی ١٣٩/٣١١ کەرتی یەکی مەڵکەندی، باڵەخانەی چاڤی کە بەهاکەی 31,000,000,000 سی و یەک ملیارد دینارە ـ ده‌كه‌وێته سه‌ر شه‌ستى) لە بناغەدا شەقامی گشتیە و تەنانەت شوێنەکەشی بە هەڵە ڕێگەپێدانی لە شارەوانی بۆ کراوە و دەبێت ئەو موڵکە بڕوخێنرێت،
ئەمە لە نوسراوی ژمارە ١٠٤٩ی بانکی ناوەندیی هەرێم/سلێمانی ئاماژەی پێدراوە.
وەزارەتی دارایی لە ساڵی 2020وە تائێستا، چوار جار لە ڕێگای بانکی سلێمانی هەوڵی وەرگرتنەوەی پارەکانی داوە بەڵام بەهۆی پێشتر قوفڵبوونی دەستی و پێنەکردنی ( تاپۆ و تەملیک و زوو گۆڕینی ناوی خاوەندارێتی ) دەست بەتاڵ دەرچووە و هیچی پێنەکراوە.
(میدیا21) زانیویەتی، پڕۆژەی چاڤی بەشی سەرەوەی لە ماستەر پلانی سلێمانى بۆ پڕۆژەی جاده‌ی سەد مه‌تری سلێمانی قۆناغی کۆتایی دانرابوو، بەڵام لەگەڵ بڕیاری دروستکردنی شەقام شارەوانی پیشووتری سلێمانی لەسەر داخوازیەک فراوانبوونی بۆ پڕۆژەکە کردووە بە زیادکردنی ٣١ دۆنم زەوی و ئەوەش یەک لەو گرفتانەیە کە بەرۆکی شەقامەکەی گرتووە و بڕیار نییە هیچ کات قۆناغی کۆتایی سه‌د مه‌تری تەواو بێت.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانە، شاسوار عه‌بدولواحید خاوەنی گروپی نالیا لەگەڵ ئەوەی موڵکەکانی لە ڕەهنی وەرگرتنی قەرز داناوە بەڵام ئەو فرۆشتونی و لەگەڵ ئەوەشدا مامەڵەکانی ڕایی کراون، پێش ئەوەش بەشێک لەو موڵکانە لەگەڵ ئەوەی شوێنی گشتی بوون و تەرخان کراوی شەقام بوون پێی دراون و دواتر پێش تەواوبوونیش لەسەری تاپۆ کراون.
ماوەی نۆ ساڵە بەدیاریکراوی و به‌تایبەت دوای دروستکردنی حزبێكی سیاسی لە لایەن خاوەنی گروپی نالیا، سیاسەتی کەمکردنەوەی گوشار پەیرەوکراوە، کە بریتیە لە دەرکردنی سەرمایە بۆ دەرەوەی ناوچەی گوشار( لەوکاتەوە بەپێی زانیاریەکان پارەی فرۆشراوی چاڤی لاند و کۆمپانیای خزمەتگوزاریی بە ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتیمانی دراوه) شاسوار قورسایی بازرگانی خۆی خستووەتە شاری بەغداد و وڵاتی بەریتانیا.
شاسوار عه‌بدولواحید، پێشتر بەشێک لە موڵکەکانی و شەست و دوو لە پشکی کۆمپانیاکانی فرۆشتوەتەوە بە ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ئەوەش هۆکارێکە کە زۆر کات سەرۆکی جوڵانەوەی نەوی نوێ “گوێ به‌هیچ نادات و دژی یه‌كێتی و كوڕانی تاڵه‌بانی قسه‌ی توند تا ئاستی هه‌ڕه‌شه ده‌كات”
لەبەر هه‌موو ئه‌و هۆكارانه، له ئێستادا شاسوار عه‌بدولواحید له یه‌كێتی و ده‌سه‌ڵاتدارێتی سلێمانی یاخی بووه، واته شاسوار پێشوه‌خت ده‌ستی خۆی وه‌شاندووه و زۆرینه‌ی سه‌رمایه‌كه‌ی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی یه‌كێتی ده‌رهێناوه، بۆیه زۆر قورسه یه‌كێتی بتوانێ زه‌فه‌ری پێ ببات یان له قافدا بیگرێت.